📅 بڵاوکراوەتەوە لە: 2026/05/19
👁️ 48 بینین
یادی (٢٠) بیست ساڵەی دامەزراندنی مەڵبەندی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی ساداتی پیرخدری شاهۆ
پیرۆزبایی
بەبۆنەی یادی (٢٠) بیست ساڵەی دامەزراندنی مەڵبەندی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی ساداتی پیرخدری شاهۆ
(١٨ی مایسی ٢٠٠٦ — ١٨ی مایسی ٢٠٢٦)
خزمانی خۆشەویست، ئامۆزایانی بەڕێز و نەوەکانی شەرەفمەندی ساداتی پیرخدری شاهۆ
ئەندامانی دڵسۆزی دەستەی دامەزرێنەر، دەستەی کارگێڕی، ئەنجومەنی ڕاوێژکاری و ئەندامان و سەرجەم دۆستان و هاوکاران
سڵاوی خوای میهرەبانتان لێبێت..
ئەمڕۆ، ٢٠ ساڵ بەسەر تێپەڕبوونی کاروانێکی پڕ لە سەروەری، خزمەت، لێبڕان و دڵسۆزیدا گوزەر دەکات. لە ڕێکەوتی ١٨ی مایسی ٢٠٠٦دا، بە هیمەتی دڵسۆزان و دوای چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەی خزمایەتی، خامەی یەکەمی ئەم مەڵبەندە پڕشکۆیە وەک قەوارەیەکی فەرمی و یاسایی لە کەرنەڤاڵێکی شایستەدا جێگیرکرا. بەم بۆنە مێژوویی و پیرۆزەوە، جوانترین و ڕازاوەترین چەپکەگوڵی پیرۆزبایی پێشکەش بە یەک بە یەکی ئێوەی بەڕێز دەکەین کە لەم بیست ساڵەدا، بە ڕەنج و شەونخونی خۆتان، بوونە هۆکاری شەکاوەیی ناوی مەڵبەندەکەمان.
ئێمە لە کاتێکدا ئەم یادە بەرز ڕادەگرین، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی تەواوی ئەو ئەندامە شەهید و کۆچکردووانەی نەوەکانی سادات دادەوێنین کە لە ڕۆژانی سەختدا هاوکار و پشتیوانی مەڵبەندەکە بوون و ئەمڕۆ لەگەڵماندا نین، لەگەڵ خوێندنی سوورەتی پیرۆزی (الفاتحة) پەیمانی وەفادارییان بۆ نوێ دەکەینەوە کە لەسەر ڕێبازە پیرۆزەکەیان بەردەوام بین.
خۆشەویستان
مەڵبەندی ساداتی پیرخدری شاهۆ، هەمیشە وەک ئیلافێکی خزمایەتی سەردەمییانە و بێلایەنێکی سیاسی ماوەتەوە، کە توانیویەتی وەک چەپکەگوڵێک سەرجەم ئەندامەکانی کە پێکهاتوی نەوەکانی ساداتی پیرخدرین لە باڵاترین ئاستی ئەکادیمی، ڕۆشنبیری، ئاینی، یاسایی، پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی، شێخانی تەریقەت، بازرگانان و گەنجان لەژێر یەک چەتردا کۆبکاتەوە. ئەم فرەڕەنگی و تەباییە، دیاردەیەکی بێهاوتا و مایەی سەربەرزی هەموانە.
لە بیست ساڵی ڕابردوودا، ڕێگاکەمان بێ کۆسپ و تەگەرە نەبووە، کاروباری ڕابردووشمان بێ کەم و کوڕی نەبووە و فێری ئەوە بووین بە سنگێکی فراوانەوە سوود لە ڕەخنە و پێشنیارە بنیاتنەرەکان وەربگرین، چونکە هەمیشە طموح و ئاواتی هەموولایەکمان زۆر لەوە گەورەتر بووە کە ئەنجام دراوە. بەڵام بە پشتیوانی خوای گەورە و لێبڕاوی خۆبەخشانەی ئێوە، کاروچالاکی زۆر ئەنجامدراوەو دڵنیایین زۆریش ماوە پێکەوە ئەنجامی بدەین.
لەم یادەدا، سوپاسی بێپایانی خۆمان ئاراستەی سەرجەم ڕێکخراوو مەڵبەندە ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیەکان و ئەو کەسایەتییە ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی و ئاینییانە دەکەین کە هەمیشە دەرگایان بۆ کردووینەتەوە. هەروەها سوپاسی لایەنە سیاسی و حزبی و حکومییەکان دەکەین. بەتایبەت، بە وەفادارییەوە یادی پشتیوانییە مەعنەوی و داراییەکانی جەنابی خوالێخۆشبوو (سەرۆک مام جەلال) و جەنابی (سەرۆک مەسعود بارزانی) دەکەینەوە کە هاوکارمان بوون لە دروستکردنی بینای مەڵبەندەکەماندا.
خوای گەورە پاداشتی خێری ئەوان و تەواوی ئەو ئامۆزاو خزمانەش بداتەوە کە لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر، کەرکوک، هەڵەبجە، ڕاپەڕین و گەرمیان بە سنگێکی فراوانەوە میوانداری شاندەکانی مەڵبەندیان کردووە.
خزمان و دۆستانی خۆشەویست
بڕیار وابوو یادی بیست ساڵەی دامەزراندنی مەڵبەندەکەمان، لە کەرنەڤاڵێکی مێژووییدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە گوندی (پیرخدران)ی نزیک شاری مەریوان، لە تەک یەکێک لەپڕۆژە جوانەکانمان کە بریتین لە (دروستکردنی مزگەوتی پیرخدری شاهۆ و بیناکردنەوەی مەرقەدی پیرۆزی حەزرەتی سەید محەمەد زاهید - پیرخدری شاهۆ) بەڕێوەبچێت، کە کارەکانیان گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی. بەڵام بەداخەوە، بەهۆی دۆخی شەڕ، نائارامی و ئاڵۆزییە سیاسییەکانی ناوچەکەوە، نەمانتوانی لەم کاتەدا ئەو سەفەر و مەڕاسیمە بەرفراوانە ئەنجام بدەین، پشتیوان بەخوا لە داهاتوویەکی گونجاودا ڕۆژێک وەک ڕۆژی پیرخدری دیاری دەکەین بۆ کۆبوونەوەی ساڵانەمان لەو شوێنە پیرۆزەدا.
جارێکی تر، یادی ٢٠ ساڵەی تەمەنی مەڵبەند لە تەواوی بنەماڵە بەڕێزەکانی ساداتی پیرخدری شاهۆ پیرۆز بێت. داواکارین لە خوای میهرەبان خاک و گەلی کوردستان بپارێزێت و هەمیشە هێز و توانامان پێببەخشێت بۆ کاری چاکە و چاکەکاری.
خوای باڵادەست ئەم ئیلاف و خزمایەتییەمان پەرە پێبدات..
ربَّنا و تقبل دعاء
والسلام عليكم ورحمة الله وبركاته..