📅 بڵاوکراوەتەوە لە: 2026/09/20 👁️ 146 بینین

پڕۆژەی بیناکردنەوەی مەزار و دروستکردنی مزگەوتی حەزرەتی سەید محەممەد زاھید زەھیرەددین

Activity Image
سوپاس بۆ زاتی پاکی الله (جَلَّ جَلَالُهُ) پیرۆزبێت لەهەمووان، بەئاکام گەیشتنی هەردوو پڕۆژەی بیناکردنەوەی مەزار و دروستکردنی مزگەوتی حەزرەتی سەید محەممەد زاھید زەھیرەددین، ناسراو بە (پیرخدری شاهۆ) لە ئاوایی پیرخزران، ناوچەی دڵگیری کۆماسی، نزیک شاری مەریوانی خۆشەویست لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ڕۆژی شەممە ١٩ / ٩ / ٢٠٢٦ بەرامبەر ٢٨ی شەهریوەری ١٤٠٥ی هەتاوی، لە کەشێکی ئارام و ڕۆحیی ئاوێزان بە فرمێسکی سۆز و مۆحیببەت، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری (زانایانی ئایینیی شکۆدار، شێخانی پایەبەرزی تەریقەت، کەسایەتییە قەدرگرانەکانی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، دانیشتووانی خۆشەویستی ئاوایی پیرخزران و گوندەکانی دەوروبەر، نەوە سەربەرزەکانی ساداتی پیرخدری شاهۆ لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان) بەشدارییان کرد لە کەرنەڤاڵی مەولودی و مەراسیمی فەرمی کردنەوەی هەردوو پڕۆژەی بیناکردنەوەی مەزار و دروستکردنی مزگەوتی حەزرەتی سەید محەممەد زاھید زەھیرەددین ناسراو بە (پیرخدری شاهۆ)، جەددی جامیع و باوەگەورەی سەرجەم نەوە پڕشکۆکانی پیرخدری شاهۆ لە ناوچەکە و جیهاندا. پێویستە بوترێت، بەڕێزان مامۆستا سید یادگاری باینچۆ و مامۆستا سید ئازاد پیرخضری بەڕێوەبردنی کەرنەڤاڵ و مەراسیمەکەیان ئەنجامدا، هەرەها سەرەتای مەراسیمەکە بەچەند ئایەتێکی قورئانی پیرۆز ڕازێندرایەوە و ڕاستەوخۆ قەصیدەیەکی بوردەی بوصەیری لەلایەن بەڕێز ئیبراهیم عەلی پور و تیپی نەوای قودسیان ئامادەبوانی ئازیزیان هێنایە جۆش و خرۆش، دواتر لەلایەن بەڕێوەبەری مەڵبەند وتارێکی گشتگیر ( بەخێرهێنان ، ئامانج لە ئەنجامدانی پرۆژەکان، کورتە باسێک سەبارەت بە مەڵبەندی ساداتی پیرخدری شاهۆ، پێشنیاری دروستکردنی مەڵبەندێکی هاوشێوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دیاریکردنی ١٩ ، ٩ی ساڵانی داهاتوو بە ڕۆژی ( پیرخدری شاهۆ )و، سوپاس و پێزانین بۆ کونسڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سلێمانی و لایەنە پەیوەنددارە کارگێڕیەکانی شارەکانی سنەو مەریوان بۆ هاوکاری و ئاسانکاریان لە ئەنجامدانی کەرنەڤاڵە، هەروەها سوپاسکردنی بەڕێز ئەندازیار سەید عوبێد پیرخزرانی کە بەشێوەی مقاولە سەرپەرشتی پرۆژەکانی دەکرد لەگەڵ دکتۆر بەختیار بەرخان کە خۆبەخشانە کۆتا قۆناغەکانی هەردوو پرۆژەکەی گرتە ئەستۆ ). دواتر بەچەند وتارێکی گرنگ و خوێندنەوەی شیعرو قەصیدە مەراسیمەکە ڕازێندرایەوە لەلایەن ئەم بەڕێزانەی خوارەوە. یەکەم ، وتەی سوپاس و پێزانین و بەخێرهاتنی دانیشتوانی ئاوایی پیرخزران لەلایەن بەڕێز سيد عبدالله پیرخزرانی. دووەم، وتەی بەڕێز مامۆستا مصطفی شێرزادی ئیمام و خەتیبی جومعەی شاری مەریوان . سێیەم، وتاری بەڕێز دکتۆر محمد عبدولی تایبەت بە ناساندیی کەسایەتیی مێژوییی پیرخدری شاهۆ بەپێی مەختوتات و بەڵگە نووسراوەکان. چوارەم، وتەی بەڕێز مامۆستا سید ئیسماعیل حسێنی، سەبارەت بەگرنگی ئەنجامدانی مەراسیمەکەو، چەند پێشنیارێک بۆ داهاتوو. پێنجەم، وتەیەکی زانستی بەڕێز سەید نەوید نقشبندی. شەشەم، وتەیەکی خزمانەی بەڕێز سەید نعمان هانەگلان. حەوتەم، خوێندنەوەی چەند پارچە شيعرو پەخشان لەلایەن مامۆستا مەلا سید عەلی باینچۆو بەڕێوەبەرانی مەراسیمەکە. هەشتەم، خوێندنەوەی نزاو پاڕانەوەی کۆتایی لەلایەن مامۆستای بەڕێز دکتۆر سید بهادینی حوسەینی کەئاسوودەیی دەرونی بەخشیە ئامادەبوانی مەراسیمەکە. هەڵبەت ناوە ناوە تیپی نەوای قودسیان بەچەند هۆنراوەیەک تێهەڵکێشی مەراسیمەکە دڵو دەروونی ئامادەبوانیان دەهێنایە جۆش و خرۆش. شایەنی باسکردنە ئەم کەرنەڤاڵی مەولوودی و کردنەوەی هەردوو پرۆژەی بیناکردنەوەی مەزارو مزگەوتی پیرخدری شاهۆ بەم شێوەی خوارەوە ئەنجامدراون. یەکەم ، بیناکردنەوەی مەزارەکە لەلایەن بەشی دارایی مەڵبەندەکەمان و هاوکاری چەند ئامۆزایەکی بەڕێزمان. دووەم ، دروستکردنی مزگەوتەکەو، ئێوارە خوانی ڕۆژی هەینی بۆ ئەو ئامۆزایانەی لە هەرێمی کوردستانەوە تەشریفیان هێنابوو، لەگەڵ خوانی نیوەڕۆ مەولوودی ڕۆژی کەرنەڤاڵ و مەراسیمەکە، لەلایەن کەسایەتی ئامۆزای بەڕێزمان جەنابی حاجی شێخ طە سید بهاءالدین پیرخدری، وەک ئەرکی دارایی لەئەستۆگرت، سەبارەت بە مزگەوتەکە، وەک وەقف و سەدەقەیەکی بەردەوام بۆ خوالێخۆشبوان حاجی سید بهاءالدین جەنابی باوکی و حاجی شێخ ئیبراهیمی برا گەورەی، ئەمە وێڕای لەئەستۆگرتنی ماوەی دووساڵی دارایی ئیدارەی مەزارو مزگەوتەکە، داواکارین لە خوای گەورە ئەم کارە خێرانەی جەنابیان بکاتە توێشووی دواڕۆژیان و مایەی ڕەحمەت بۆ ڕۆحی ئازیزانی. تەنها ماوە بڵێین دوای سووپاس و ستایش بۆ زاتی پاکی پەروەردگار( جَلَّ جَلالَهُ ) کەهاوکارو پشتیوانمان بوو بۆ بەئاکام گەیشتن و ئەنجامدانی ئەم کارو چالاکیە گەورەو ناوازەیە، سوپاسی هەموو ئامۆزایانی پیرخدری دەکەین ئەوانەی هاوکارو پشتیوانمان بون لەڕوی دارایی و مەعنەوی، ئەوانەی ئەرکیان کێشا لەسەرجەم شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانی ئێراق و ڕۆژهەڵات، خوای باڵادەست پاداشتی ئەرکوماندوبونیان بداتەوە. تێبنی یەکەم ، پشتیوان بەخوا لەداهاتوی نزیک لەباڵەخانەی مەڵبەندەکەمان مەراسیمی ( سوپاس و پیزانین و ڕێزلێنان ) پێشکەشی هەموان دەکەین. دووەم ، پشیوان بەخوا لەداهاتوی نزیک پرۆژەی دروستکردنی ( هەوارو دیوەخانی گەورەی ساداتی پیرخدری شاهۆ ) لەناوچەی دڵگیری چەمی ڕێزان دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن. خوای گەورە هەموولایەک تەندروست باش و سەرکەوتوبکات بإذنه تعالى، آمين

وێنەکان